به‌دوای
دوورخستنه‌وه‌ی حیزبی به‌عس‌و ڕژێمی سه‌دام له ده‌سه‌ڵات‌و
هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی فاشیستی به‌عسی له‌ڕێگای هێرش‌و په‌لاماری
سه‌ربازی ئه‌مریکاوه، که‌رکوک، به ته‌نها که‌رکوک وه‌کو ناوچه‌یه‌کی
ده‌وڵه‌مه‌ند به نه‌وتی خاو، که له فه‌رهه‌نگ‌و ئه‌ده‌بیاتی سیاسی‌دا به
زێڕی ڕه‌ش ناوی ده‌برێ، هه‌میشه سه‌نته‌ری یه‌کانگیربوونی وێستگه سیاسیه
کاریگه‌ره‌کانی عێراق، ناوچه‌که‌و ته‌نانه‌ت جیهانیش بووه. هێنده‌ی ناوی
که‌رکوک ئه‌چێته نێو میدیای جیهانی‌و ناوچه‌ییه‌وه له چوارچێوه‌ی
کێشمه‌کێشه سیاسیه‌کاندا، نه هیچ شارێکی دیکه‌و ته‌نانه‌ت نه مه‌سه‌له‌ی
کوردستانیش ئه‌و ئاماده‌ییه‌ی نیه. شاری تکریت‌و سامه‌ڕا له‌گه‌ڵ سه‌دامدا
ناویان ته‌نانه‌ت له میدیای نێوخۆشدا کوێر بویه‌وه. ئه‌نبارو فه‌للوجه‌ش
وه‌کو پانتایی ڕه‌تکردنه‌وه‌ی سه‌روه‌ریی شیعه له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تانی
سوننه مه‌زهه‌بی سعودیه‌و سوریا‌و ئه‌رده‌نه‌وه ڕۆژگارێک به‌رجه‌سته
بوویه‌وه. دوای هه‌ره‌سی به‌عس، هه‌میشه ته‌نگژه سیاسیه‌کان له
چوارچێوه‌ی ململانێی سیاسی‌و ڕێکه‌وتنی سیاسی‌دا سه‌باره‌ت به پرس‌و گرفته
جۆراوجۆره‌کانی نێو هێزو لایه‌نه ئیسلامی‌و قه‌ومی‌و تائیفیه‌کان
به‌بارێکدا خراوه‌و به‌جۆرێک له جۆره‌کان ناکۆکیه‌کان یان
دوورکه‌وتوونه‌ته‌وه یان هه‌ڵگیراون بۆ سووڕێکی دیکه‌ی گرژبوونه‌وه‌ی
په‌یوه‌ندی‌و کێشمه‌کێشه‌کان. به‌ڵام به‌رده‌وام پرس‌و مه‌سه‌له‌ی که‌رکوک
له ململانێ گرنگه‌کاندا ئاماده بووه‌و هه‌میشه توانیویه‌تی بارۆمه‌تری
کێرڤی ته‌وافوقه سیاسیه‌کان له لووتکه‌وه بۆ بنی بنه‌وه به‌ردا‌ته‌وه.
که‌رکوک به‌رده‌وام، به پێچه‌وانه‌ی ئه‌و درۆ گه‌وره‌یه‌ی هه‌موو هێزه
سیاسیه قه‌ومیه‌کان ئێستا بانگه‌شه‌ی بۆ ئه‌که‌ن، که گوایا شوێنی
پێکه‌وه ژیان‌و پێکه‌وه هه‌ڵکردن‌و یه‌کترقبووڵکردن‌و برایه‌تی‌و ئاشتی‌و
سه‌فا بووه‌و ئه‌ڵێن واش ئه‌مێنێته‌وه، ئاسته‌نگێکی گه‌وره‌و سه‌ره‌کی
پێکه‌وه ژیان‌و پێکه‌وه هه‌ڵکردن‌و ئه‌وه‌ی به زمانی ساده‌ی سیاسی پێی
ئه‌ڵێن؛ برایه‌تی نه‌ته‌وه‌و قه‌وم‌و پێکهاته جیاجیاکانی عێراق، بووه،
له‌ژێر سایه‌ی ده‌سه‌ڵات‌و ده‌ستڕۆیشتوویی ئه‌و هێزو لایه‌نه
نه‌ته‌وه‌په‌رستانه‌دا! چونکه نه‌وتی یه‌ده‌کی که‌رکوک له نێو بونیادی
جیۆپۆلیتیکی ناوچه‌ی که‌رکوکدا تایبه‌تمه‌ندیه‌کی به‌م شاره به‌خشیوه،
که بتوانێ ببێته ناوه‌ندی سه‌ره‌کیی ململانێکانی عێراق. ناکرێ‌و
ناتوانرێت بڕیارێکی سیاسی بچێته بواری جێبه‌جێبوونه‌وه، په‌سه‌ندکردنی
یاسایه‌ک به سه‌ره‌نجامی خۆی ناگات، ته‌نانه‌ت مۆرکردنی ڕێکه‌وتنێکی
سیاسیش له نێوان دوو یان چه‌ند لایه‌نی سیاسی‌دا فه‌راهه‌م نابێت، ئه‌گه‌ر
به نێو فیلته‌ری مه‌سه‌له‌ی که‌رکوکدا تێنه‌په‌ڕێت‌و شه‌ن‌و که‌و نه‌کرێت.
هیچ سیاسه‌تێک له‌م شاره‌دا پێی ناکه‌وێته سه‌ر زه‌وی‌و ئاژین نابێته
ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی‌و ئاسوده‌یی خه‌ڵکی ئه‌م شاره ئه‌گه‌ر نه‌زعه‌ی
میللی‌و قه‌ومپه‌رستانه‌ی لێده‌رنه‌کێشرێت! مه‌گه‌ر به شێوه‌ی ڕژێمی
فاشیستی به‌عسی به زۆر‌و له ڕێگای سیاسه‌تی سه‌رکوت‌و هه‌ڵاواردنه‌وه
ده‌سه‌ڵات‌و سه‌روه‌ریی قه‌ومێک له‌سه‌ر حسابی پله‌دوویی‌و بێبه‌شی‌و
چه‌وسانه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌و پێکهاته‌کانی دیکه داسه‌پێنرێت!
دراوه‌کان‌و ئاماژه سیاسی‌و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانی مه‌یدانی عێراق، بێئاکامیی
حکومه‌تی ته‌وافوقی عێراق له به‌رپاکردنی لانی که‌می ئارامی‌و ئاسایشی
شاره‌کان، ته‌راتێنی هێزه دژه‌کانی ئه‌لقاعیده‌و به‌عسیه‌کان‌و
به‌ره‌نگارانی دیکه‌ی ده‌سسازی ده‌وڵه‌تانی ده‌وروبه‌ر له شار‌و ناوچه
گرنگ‌و هه‌ستیاره‌کانی چه‌شنی به‌غداو که‌رکوک‌و موسڵ، به‌ڵگه‌و دۆکومێنتی
ئه‌و راستیه‌ن که سه‌رجه‌می هێزو لایه‌نه قه‌ومیه‌کانی عێراق، به هێزه
تائیفیه شیعه‌و سوننه‌کانیشه‌وه، هه‌موویان ئاو به‌ئاشی وه‌ستاوی ڕژێمی
سه‌دام حسه‌یندا ئه‌که‌ن‌و چاویان بڕیوه‌ته باڵاده‌ستی خۆیان له‌سه‌ر
حسابی ژێرده‌ستکردنی ئه‌وانی دیکه. پرۆسه‌ی دیموکراسی‌و ته‌وافوقی سیاسی
ئێستای عێراق، به‌ره‌نجامی باڵانسێکی سیاسیه که له‌سه‌ر حسابی بارودۆخی
ناهه‌موارو پڕکاره‌ساتی خه‌ڵکی عێراق، به پاڵپشتی ئه‌مریکاو ده‌وڵه‌تانی
خۆرئاوا‌و ڕژێمه‌کانی ده‌وروبه‌ری عێراق پێکهاتووه، له‌سه‌ر بنه‌مای بردنی
سه‌همی ده‌سه‌ڵات له عێراقدا. ئه‌م دۆخه ناتوانێ هه‌تا هه‌تایه درێژه
بکێشێ. له شوێنێکدا پێویسته کۆتایی پێبێت. به‌ڵام له نه‌بوونی هێزێکی
ئازادیخوازی کۆمۆنیستیدا که نوێنه‌رایه‌تی خه‌ڵکی به‌شمه‌ینه‌ت‌و کرێکاران
بکات‌و یه‌کیان بخات‌و هێزیان لێ درووست بکات‌و به‌رنامه‌ی ئینسانی‌و
کۆمه‌ڵایه‌تی خۆی جێبه‌جێ بکات، ئه‌گه‌ری به‌هێز که‌وتنه‌وه‌ی شه‌ڕێکی
قه‌ومی ماڵوێرانکه‌ره له عێراقدا که فتیله‌که‌ی له که‌رکوکدا دانراوه‌و
هه‌ڕه‌شه له هه‌موو شتێکمان ئه‌کات!
ئه‌و دابه‌شبوونه ئایینی‌و قه‌ومی‌و تائفی‌و ئیتنیکیانه‌ی که له داوێنی
سیاسه‌ت‌و ستراتیژی ئه‌مریکاوه جێگای ناسنامه‌ی هاوڵاتیبوونی خه‌ڵکی
عێراقی گرته‌وه‌و به‌نێوی دیموکراسیه‌وه زیاد له شه‌ش ساڵی ته‌واوه
کۆمه‌ڵگای عێراقی له حاڵه‌تی جه‌نگ، ناجێگیریی سیاسی، توندوتیژیی‌و کاره
تیرۆریستیه زنجیره‌ییه‌کان‌و نه‌بوونی ئه‌من‌و ئاسایش‌و پاشاگه‌ردانیدا
ڕاگرتووه، به‌بێ بوونی هیچ ئاسۆیه‌ک بۆ کۆتایی هاتنی، له بۆته‌ی ژیانی
واقعی هاوڵاتیان‌و دانیشتوانی شاری که‌رکوک‌و ده‌وروبه‌ریدا ئاماژه‌و
سیماکانی کاره‌ساته خوێناویه‌کانی پێکهه‌ڵپژانه قه‌ومیه‌کان‌و هه‌ڵایسانی
جه‌نگێکی قه‌ومی به‌کرده‌وه‌و ته‌واو عه‌یار له ئان‌و ساتی ته‌قینه‌وه‌دا
بووه. چه‌ندین جار ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ته‌نگژه سیاسیه‌کانی عێراق له که‌رکوک،
ململانێکانی نێو پرۆسه‌ی سیاسی دیموکراسی‌و پارله‌مانی عێراقی تا ئاستی
هه‌ڵایسانی جه‌نگێکی قه‌ومی به‌ره‌وڕووی یه‌کتری کردۆته‌وه.
هێزو لایه‌نه قه‌ومیه‌کان له که‌رکوک، مه‌به‌ستم ئاراسته سیاسیه
قه‌ومیه‌کانه نه‌ک هاوڵاتیانی عه‌ره‌ب زمان یان کورد زمان یاخود
تورکمان..تد، هیچ لایه‌کیان هه‌تا ئه‌مڕۆ نه‌یانتوانیوه، وه ناشیانه‌وێت
ڕێگاچاره‌یه‌کی عه‌مه‌لی‌و عادلانه بۆ کێشه‌ی ئه‌م شاره بخه‌نه‌ڕوو.
چونکه سه‌رجه‌میان له گۆشه نیگای قه‌ومی خۆیانه‌وه ئه‌ڕواننه پرسی
که‌رکوک‌و چاویان بڕیوه‌ته نه‌وتی یه‌ده‌کی بێئه‌ژماری ژێرپێی ئه‌م شاره‌و
هه‌موویان له ڕژێمی سه‌دامه‌وه گۆشکراون به‌وه‌ی ده‌سبگرن به‌سه‌ر
موقه‌ده‌راتی ئه‌م شار‌و ناوچه‌یه‌دا، نه‌ک به‌رنامه‌ی سیاسی له خزمه‌تی
هاوڵاتیان بخه‌نه‌ڕوو، یاخود پلاتفۆرمی سیاسی بۆ چاره‌سه‌ری پرسی ئه‌م
شاره‌و شکڵدان به فۆرمێکی هاوچه‌رخ‌و مه‌ده‌نی بۆ پێکه‌وه‌ژیانی سه‌رجه‌م
پێکهاته‌کانی. ئه‌م کاره‌و ئه‌م پرۆژه‌یه په‌یوه‌ست نیه به‌م هێزه
قه‌ومیانه‌وه، به‌ڵکو له به‌رامبه‌ر به‌واندا مانا په‌یدا ئه‌کات.
ئه‌گه‌ر چی جووڵانه‌وه‌ی کوردایه‌تی به‌ر له‌وه‌ی به مرادی ئه‌مڕۆ بگات،
له مه‌وقعی مه‌زڵومیه‌تی قه‌ومی کورده‌وه که‌رکوکی وه‌کو "دڵ‌و قودس"ی
کوردستان وێنائه‌کردو ته‌نها ئه‌یتوانی به مه‌به‌ستی باوه‌شێنکردنی
ده‌مارگیری میللی‌و ته‌بلیغی سیاسه‌تی قه‌ومپه‌رستانه‌ی خۆی به‌کاری بێنێت،
به‌ڵام ئه‌مڕۆ که کورد به‌شێکه له پێکهاته‌ی سیاسی پێناسه‌کراوی عێراق‌و
به‌شوێن فیدڕاڵیزمێکی کارتۆنی بێبناغه‌وه‌یه، بۆیه مه‌سعود به‌رزانی له
ووتاری به‌رده‌م پارله‌مانی ئه‌وروپادا که 11نۆڤه‌مبه‌ر2009 خوێندیه‌وه،
که‌رکوکی وه‌کو بۆمبی ته‌وقیت کراو ناو لێبردو ووتی؛ "سه‌باره‌ت
به پرسی كه‌ركووكیش كه هۆكاری سه‌ره‌كی شه‌ڕه یه‌ك له دوای یه‌كه‌كانی
گه‌لی كوردستان بووه له‌گه‌ڵ رژێمه یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی عێراق، ئێمه
ده‌مانه‌وێ ئه‌و گرفته بۆ نه‌وه‌كانی دیكه نه‌مێنێت و چاره‌سه‌ری بكه‌ین،
ده‌ستووری عێراق (85%)ی گه‌لانی عێراق ده‌نگی بۆ داوه و رێگه‌چاره‌ی
چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كه‌ركووكی داناوه و ئێمه به‌و چاره‌سه‌ره رازین
كه ئاساییكردنه‌وه و سه‌رژمێری و ریفراندۆمه، له‌مه زیاتر چی؟، خه‌ڵكی
كه‌ركووك خۆی بڕیار له چاره‌نووسی خۆی ده‌دات نه ئێمه و ن حكوومه‌تی
فیدراڵ و نه هیچی دیكه، خه‌ڵكی كه‌ركووك خۆی بڕیار ده‌دات، جا با ئه‌و
ده‌رفه‌ته به‌وان بدرێ، به‌و شێوه‌یه ئه‌و (بۆمبه ته‌وقیتكراوه)
هه‌ڵده‌وه‌شێنرێته‌وه و هیچ كاریگه‌ریشی نامێنێت، ئه‌گه‌ر نا بێگومان
(بۆمبی ته‌وقیتكراوه) له‌وانه‌یه كاریگه‌ری خراپی هه‌بێت، ئێمه
ده‌مانه‌وێ ئه‌و مه‌ترسییه نه‌هێڵینه‌وه، به‌داخه‌وه هێشتا تیرۆر
كارایه و بنه‌بڕ نه‌بووه و مه‌ترسیی ئه‌وه‌مان هه‌یه تا له هه‌ڵبژاردن
نزیكتر ببین تیرۆر زیاتر ببێت".
بارزانی له‌و ووتاره‌یدا باسی ماده‌ی 140 ئه‌کات که گوایا خۆی له
ئاساییکردنه‌وه، سه‌رژمێری‌و ڕیفراندۆمدا ئه‌بینێته‌وه! به‌ڵام له‌سه‌ر
ئه‌رزی واقع‌و له‌نێو مه‌یدانی سیاسه‌تی عێراقدا ماده‌ی 140 مه‌فعولی
ته‌واو بووه‌و ته‌نانه‌ت وه‌کو ماده‌یه‌کی ده‌ستوری عێراقیش لایه‌ن‌و هێزه
عه‌ره‌بیه‌کان دانی پێدا نانێن. که‌یسی که‌رکوک ئێجگار ئاڵۆزکاوه‌و هه‌موو
لایه‌ن‌و هێزه ده‌رگیره‌کان تیایدا، له عه‌ره‌بی شیعه‌و سوننه‌وه
بیگره، له کورد‌و تورکمانه‌وه تا ئه‌گاته ئێران‌و تورکیا، سه‌رقاڵی
جۆرێک له گۆڕینی دیمۆگرافیای شاره‌که‌ن، که هه‌ر لایه‌نه دژه‌کان خۆیان
په‌رده له‌سه‌ر ئه‌و سیاسه‌تانه‌ی یه‌کتری لائه‌ده‌ن. ئه‌م کاره‌ش کارایی
ماده‌ی 140و ناوه‌رۆکی ده‌قه‌که‌شی، له ئاساییکردنه‌وه‌و سه‌رژمێری‌و
ڕیفراندۆم تیایدا ئه‌باته ژێر پرسیاره‌وه‌و مه‌ترسی که‌وتنه‌وه‌ی ئاگری
جه‌نگی قه‌ومی له‌م شاره‌دا نزیکتر ئه‌خاته‌وه‌و هه‌ر هه‌مووشیان لێی
به‌رپرسیارن.
پاش زیاد له شه‌ش ساڵ ململانێ‌و بێنه‌وبه‌رده‌ی هێزه سیاسیه
ڕه‌نگاوڕه‌نگه‌کانی سه‌ر ساحه‌ی سیاسی عیراق به ناوی دیموکراسی‌و پرۆسه‌ی
سیاسی بنیاتنانه‌وه‌ی عێراقه‌وه، که پێشڕه‌ویه‌کی ئه‌وتۆی تێدا تۆمار
نه‌کراوه به‌باری بنیاتنانه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت‌و ده‌سه‌لاتی یاسایی‌و
به‌رقه‌رارکردنی ئه‌من‌و ئاسایش‌دا. ململانێکانی قه‌واره‌و هێزه
سیاسیه‌کانی نێو پارله‌مانی عێراق له په‌یوه‌ند به مه‌سه‌له‌ی یاسای
هه‌ڵبژاردن‌و چۆنێتی ته‌رتیباتی سازکردنی سیناریۆیه‌کی دیکه‌ی
دابه‌شکردنه‌وه‌ی ده‌سه‌لات‌و کورسیه‌کانی پارله‌مان، جگه له پڕوپووچی
پرۆسه‌ی دیموکراسی‌و ململانێی پارله‌مانی وه‌کو سووڕه‌کانی پێشووتر،
په‌یوه‌ندی نیه به خواست‌و چاوه‌ڕوانیه‌کانی کۆمه‌ڵگاو خه‌ڵکی
عێراقه‌وه. ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ش سووڕێکی دیکه‌یه له سیناریۆی وه‌رگرتنی
په‌نجه‌مۆری خه‌ڵکی بۆ سه‌پاندنی ناسنامه‌ی قه‌ومی‌و تائیفی‌و ئیتنیکی
به‌سه‌ر هاوڵاتیانی عیراقدا‌و دانانی کۆمه‌ڵێک وه‌کیلی پارله‌مانی به ناوی
ئه‌وانه‌وه بۆ ڕه‌سمیه‌تدان به دابه‌شبوونی وولات له‌سه‌ر بنه‌مای
ناسنامه‌ی قه‌ومی‌و دینی‌و ئیتنی.
کۆمه‌ڵگای عێراق له ناخه‌وه‌و له ویژدانی هاوڵاتیانی سڤیلیدا، له
هه‌ست‌و نیستی ژنان‌و مناڵان‌و لاوان‌و کرێکاران‌و ئازادیخوازانیدا، له
ویژدانی ئاواره‌کانیدا، به قووڵی پێویستی به هێزێکی جیاواز له‌م هێزانه‌ی
ئێستای عێراقه، تینووی هێزێکه که بێت‌و کۆمه‌ڵگای عێراق‌و هاوڵاتیانی
له‌م گێژاوی قه‌یرانی ناسنامه‌یه ده‌ربێنێت‌و له‌جێی ناسنامه‌ی درۆیینه‌ی
عه‌ره‌ب، کورد‌و تورکمان، شیعه‌و سوننه‌و ئیتنی جیاجیا، ناسنامه‌ی
هاولاتیبوون بگێڕیته‌وه بۆ خه‌ڵکی وولات‌و ده‌سه‌لاتی ئیراده‌ی جه‌ماوه‌ری
به‌رپابکات. حکومه‌تێکی سکۆلارو نائاینی دامه‌زرێنێ‌و ڕێگا خۆشکات بۆ
گێڕانه‌وه‌ی مه‌ده‌نیه‌ت‌و ئارامی‌و نان بۆ گشت خه‌ڵکی عێراق دابین بکات.
14/11/2009